سنە؛ ئیدریس مینبەری، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

00:32 - 5 خەزەڵوەر 2723

ئیدریس مینبەری، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی"، ناوبراوی بە "دروستکردنی گرووپ و دەستە" تۆمەتبار کردووە.

ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی خەزەڵوەر لە ڕێگەی پارێزەرەکانی ناوبراو، دوکتور جوامێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدیییەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕەزبەری ئەمساڵیش، ئیدریس مینبەری بە بێ بوونی خۆی لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنەوە، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ دێزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچیی تەعزیری لە جۆری دەرەجە ٦ مەحکووم کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئیدریس مینبەری، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی هەتا کاتی دادگاکەی بە شێوەی کاتی، ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، ئیدریس مینبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا، گرتبوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکران، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.