بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار

11:53 - 11 رەزبەر 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حەسەن مەردانی"، تەمەن ٦٥ ساڵ و "لوقمان پیشیار"، تەمەن ٥٨ ساڵ، خەڵکی بۆکان، زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، تەنیا دوو جار پیوەندیی کورتی تلفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و هێزە ئەەمنییەتییەکان ئیزنیان پێ نەداون کە سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانیان، زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان بدەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی سەرەڕای بەدواداچوونەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە، هەتا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ناڕوونیی چارەنووس و نادیاربوونی شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی بەدواوە بووە.

شەوی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژ، ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەوان، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.