زیندانی نەغەدە: بێبەریکرانی چالاکێکی مەدەنی لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر

16:38 - 4 خەزەڵوەر 2723

جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، کە خەریکی تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی نەغەدەیە، بە هۆی دژایەتیی دادستانی پیرانشار، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و دوای جێبەجێبوونی سزاکەشی، دادستانی پیرانشار، دیاریکردنی پارێزەر بۆ دۆسییەی ناوبرای ڕەت کردووەتەوە.

رۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، جەماڵ عەلیزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە، خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان"، بە ٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

شەوی سێشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی جەماڵ عەلیزادە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

جەماڵ عەلیزادە، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.