ڕاگواستنی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بۆ زیندانی نەغەدە

10:25 - 4 خەزەڵوەر 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حوسێن بۆرەکە" کوڕی حەسەن و خەڵکی گوندی "سۆغانلوو" سەر بە شاری پیرانشار و "سۆران مەحموودی"، کوڕی خالید، خەڵکی پیرانشار، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوەڕاستەکانی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢، حوسێن بۆرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە یەکی خەزەڵوەر، دوو ڕۆژ پاش ئازادکران، بانگهێشتی لێپرسینەوەی دادگای پیرانشار کراوە و سەرلەنوێ دەسبەسەر کراوەتەوە و بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سۆران مەحموودی سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەر، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی پیرانشارەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: حوسێن بۆرەکە و سۆران مەحموودی