خەسرەو فەتحی، کوڕی حەبیبوڵڵا فەتحی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:50 - 11 رەزبەر 2723

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەر، خەسرەو فەتحی، کوڕی حەبیبوڵڵا، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

خەسرەو فەتحی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، خەسرەو فەتحییان دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەیان کرد.

تاکوو ئێستا، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خەسرەو فەتحی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، حەبیبوڵڵا فەتحی خەڵکی دیواندەرە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.