بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەمیر سەیدی، لاوی خەڵکی مەهاباد

16:16 - 30 رەزبەر 2723

دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی ئەمیر سەیدی، لاوی خەڵکی مەهاباددا تێدەپەڕێ، بەڵام ناوبراو هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی سەیدی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و دۆخی کوڕەکەیان، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

شەوی دووشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵەیان دەسبەسەر کردووە. ئەمیر سەیدی کافەیەکی لە باخی میکائیلی مەهاباد هەیە و لە دنیای مەجازیدا چالاکیی هەبووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هەندێ کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانان، ئەمیر سەیدی لە پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە ڕەوانەی ورمێ کراوە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیر سەیدی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.