یاسین سەمسام، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی چوار ساڵ و ٩ مانگ زیندان، ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

00:50 - 30 رەزبەر 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، یاسین سەمسام، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی چوار ساڵ و ٩ مانگ زیندان و لێدانی ٨٠ قامچی، ڕەوانەی لقی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ کرا و دواتر بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە، جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا"، بە سێ ساڵ و ٩ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تێكدانی بەئەنقەستی کەلوپەلی تاکەسیی خەڵک لە ڕێگەی هاویشتنی بەرد و بەشداری لە گواستنەوەی کۆکتێل مۆلۆتۆف" بە یەک ساڵ زیندان و لێدانی ٨٠ قامچی مەحکووم کراوە.

یاسین سەمسام لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسراوە.

یاسین سەمسام ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠١، بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ئەم لاوە کوردە پاش ٨ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.

یاسین سەمسام، کوڕی یووسف و لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٨ لە شنۆیە.