وێنەگەلێک لە سامان یاسین، گۆرانیبێژی خەڵکی کرماشان لە کاتی دەسبەسەری لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

10:23 - 29 رەزبەر 2723

کوردپا وێنەگەلێکی لە سامان یاسین (سەیدی)، گۆرانیبێژی خەڵکی کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کاتی تێپەڕکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکران لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بڵاو کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەگەڵ ٨ زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی سەعید ماسووری، ئەفشین بایمانی، موتەلیب ئەحمەدیان، حەمزە سەواری، لوقمان ئەمین‌پوور، محەممەد شافعی، حوسێن گەچلوو و مەسعوود کازمی‌نژاد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگوێزران.

ئەم گۆرانیبێژە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، لەگەڵ ١٢ زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی سەعید ماسووری، جەعفەر ئیبراهیمی، ئەفشین بایمانی، سێپێهر ئیمام جومعە، حەمزە سەواری، لوقمان ئەمین‌پوور، محەممەد شافعی، مەسعوود ڕەزا ئیبراهیمی نژاد، کامیار فەکوور، ئەحمەدڕەزا حائێری، ڕەزا سەلمانزادە، زەردەشت ئەحمەدی ڕاغب، بە شێوەی کتوپڕ و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی قزلحساری کەرەج ڕاگوێزران.

ئەم ١٣ زیندانییە، دواتر بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ڕاگواستنیان بۆ زیندانی قزلحساری کەرەج و دۆخی خراپی ڕاگیرانیان لە زیندان، مانیان لە خواردن گرت.

سامان یاسین لە پەیامێکی دەنگیدا لە زیندانەوە کە پێش لە ڕاگواستنی بۆ زیندانی ئێڤین تۆمار کرابوو، ئاماژەی بە ئەشکەنجەکانی ماوەی دەسبەسەرکران لە لەسێدارەدرانی ساختەوە هەتا بڕینی کونی لووت لە ئاکامی ئەشکەنجەی لێپرسەکان و گوشارەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کردبوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سامان یاسین پاش ڕەتکرانەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، تاکوو ئێستا دوو جار دوا خراوە.

پاش هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی سامان یاسین لە دیوانی باڵای وڵاتدا، تۆمەتەکانی ئەم گۆرانیبێژە "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، و "هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" ڕاگەیەندران.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە پێشتر بە "موحاربە" تۆمەتبار کرابوو و دواتر لەم تۆمەتە بێتاوان ناسرا.

سامان یاسین ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لە زیندانی ئێڤین، مانی لە خواردن گرت و پاش یەک حەفتە لەسەر داوا و پێداگریی بنەماڵە و هاوبەندییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەم گۆرانیبێژە کرماشانییە، ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە و پاش یەک مانگ ڕاگیران لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

سەرەتاکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠١، داواکاریی کۆتایی ئەم هونەرمەندە کوردە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە قەبووڵ کرا و حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکانی ڕەت کرایەوە.

دیوانی باڵای وڵات لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاندووە: بە سەرنجدان بە کەموکۆڕییەکانی لێکۆڵینەوەکان و بە پشتبەستن بە بەندەکانی مادەی ٤٦٩ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، دۆسییەی سامان یاسین بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی هەمان دادگا کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، سامان یاسین بەهۆی بارودۆخی دژواری ڕاگرتنی لە ساڵونی ٣١ی ئەندەرزگای ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە ڕێگای خواردنی حەبەوە هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

سامان یاسین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا و ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز، لە زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، گو‌ێزابووەوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هونەرمەندە ٢٧ ساڵەیە، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە دادگای گشتی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" لەگەڵ ٨ دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی "محەممەد قوبادلوو، مۆحسێن ڕەزازادە قەراقلوو، سەعید شیرازی، محەممەد برووغەنی، ئەبولفەزل مێهری، حوسێن حاجیلوو، مەنوچێهر مێهماننەواز و سۆهەیل خۆشدڵ"، بەڕێوە چووبوو.

سامان یاسین لەو دادگایەدا بە "موحاربە لە ڕێگای تەقەکردن بە دەمانچە و  چەکی ژ٣" و "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی میللی" تۆمەتبار کرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو فیلمەی کە لە دادگادا بڵاو کراوەتەوە، سامان ڕوو لە دادوەر دەڵێت ئەو تەنیا "تفەنگ بادی" (چەکی چۆلەکەکوژ)" پێ بووە. لەم دادگایەدا دادوەر سەڵواتی، سامان یاسین بە هەبوونی ١١ ساڵ سابقەی کەیفەری تاوانبار دەکات و سامانیش ڕەتی دەکاتەوە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

سامان یاسین هونەرمەندی کرماشانی گۆرانیگەلێکی زۆری سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵایەتی- سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران تۆمار کردووە و هەروەها پشتیوانیی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێرانیش کردووە.