ئەشکان فەهیم چالاکی ئەدەبیی کورد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

10:18 - 29 رەزبەر 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەر، ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە ئەدەبییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی و ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی_فەرهەنگی، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، پاش هێرشی ٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵی ئەشکان فەهیم دەسبەسەر کران. هێزەکانی سپا بە گەمارۆدانی کۆڵانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکان و شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە توندوتیژی و لێدانی ئەم دوو لاوە بە قونداغی چەک، لە کاتێکدا کە بریندار بوون و تووشی خوێنڕێژی ببوون، دەسبەسەریان کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لێدان و توندوتیژیی هێزەکانی سپا لە ئاستێکدا بووە کە ئەشکان فەهیم لە تۆی پەتوودا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا لە ورمێ کراوە.

ئەشکان فەهیم پێشینەی نەخۆشیی دڵی هەیە و دەرگیری ئەم نەخۆشییەیە، بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی سڵامەتیی کوڕەکەیانن و هیوادارن بۆ ١٠ چرکەش بووە دەنگی ببیستن و خۆی بڵێ کە دۆخی باشە.

ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکران، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو چالاکە کوردەی خەڵکی مەهاباد، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.