تاران؛ دووەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی بەڕێوە چوو

11:42 - 11 رەزبەر 2723

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەر، دووەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام"، لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا نێوخۆیی و بیانییەکانەوە، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بەڕێوە چوو.

لە ڕەوتی ئەم کۆبوونەوەیەدا، نیکبەخت بەرگریی لە خۆی کردووە و ئاخرین بەرگرییەکانی ئەم پاریزەرە، لەوێ تۆمار کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا دوای یەک کاتژمێر، کۆتایی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاندووە و ئەمە ئاخرین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەختە و دەبێ چاوەڕوانی حوکمی دادگا بێ.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو و لەم کۆبوونەوەیەدا، ساڵح نیکبەخت تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا دەرەکی و نێوخۆییەکانی درایەوە پاڵ.

پارێزەری دۆسییەکەی نیکبەخت، پاش بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی دادگای ناوبراو ڕایگەیاند: لەم دۆسییەدا، وتووێژگەلێک لە ناوبراو وەکوو بەڵگە هێنراوەتەوە کە لەو وتوێژانەدا، ناوبراو تەنیا وەکوو مافناسێک، ڕای کارناسانەی خۆی دەربڕیوە و سەبارەت بە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات و هەندێ کردەوەی دژ بە یاسا، ڕەخنەی گرتووە.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی، بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ناوچەی ٣٣ی تاران کرا و تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"ی پێ ڕاگەیەندرا.

ئەم پارێزەرە بە دانانی کەفاڵەت، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا_مەهسا ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، کە لە ئاکامی لێدانی هێزەکانی گەشتی ئێرشاددا چووبووە کۆماوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.