ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ژینا_مەهسا ئەمینی، سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلیی قەدەغەکردنی چالاکی لە دنیای مەجازیدا مەحکووم کرا

11:20 - 26 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسییەی ژینا_مەهسا ئەمینی، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە بێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ناوبراو و پارێزەرەکەی "عەلی ڕەزایی"، بە بەرزترین سزا بۆ تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، واتە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلیی "قەدەغەبوونی چالاکی لە دنیای مەجازی بۆ ماوەی ٢ ساڵ"، مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە بە پارێزەری نیکبەخت ڕاگەیەندراوە و ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە؛ "هەر بەو جۆرەی کە پێشتریش ڕامگەیاند، تۆمەتی چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام پێناسەی یاسایی دیاری هەیە و هەتا ئەرکانی ڕوودانی ئەم تاوانە بە هۆکاری یاسایی نەسەلمێندرێ و پشتڕاست نەکرێتەوە، جێگای قەبووڵکردن نییە. هەموو دەقی وتووێژەکانی ساڵح نیکبەختم خوێندەوە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کاری پارێزگاری لە ناوبراوم لە ئەستۆیە، وەکوو کەسێک کە مافم خوێندووە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە هیچ ڕستەیەک لە وتووێژەکانیدا کە نیشاندەری پڕوپاگەندە دژی نیزام بێ، بوونی نییە. ئەم حوکمە تەنیا لە ڕووی تێگەیشتنی نایاسایی لە دەقی وتووێژەکان دەر کراوە."

عەلی ڕەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت، لەم ڕاگەیەندراوەدا کە وێنەیەکی بەدەستی کوردپا گەیشتووە ڕایگەیاندووە؛ "دادگا لە حوکمەکەدا، ٩ وتووێژێک کە وەزارەتی ئیتلاعات لەم دۆسییەیەدا پشتی پێ بەستوون، هێناوەتەوە کە بریتین لە: ١ـ بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆڵبەران لە ئێران و کوژرانیان، ٢ـ کاردانەوە یاساییەکانی نیکبەخت بە ئیدعای خنکانی پەنابەرانی ئەفغانستانی، ٣ـ ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارانی سیاسی(ئەمنییەتی) لە دەنگوڕەنگی حکوومەت و ئەرکی بەرپرسان لە پاراستنی گیانی دەسبەسەرکراوان لە کاناڵی ئیران ئینترناشناڵ و وتووێژ لەگەڵ بی‌بی‌سیی فارسی سەبارەت بە ١ـ نامەی سەرئاوەڵای پارێزەر و مافناسان، ڕۆژنامەوانانی ناسراو و چالاکانی سیاسی بۆ مەحکوومکردنی هێرشی نیزامیی تورکیە بۆ سەر باکووری سووریە، ٢ـ لێکدانەوەی هۆکارەکانی قەدەغەبوونی دەرکرانی مۆڵەتنامەی شۆفێریی ماتۆڕ بۆ ژنان لە ئێران کە ناوبراو ئەمەی بە بێ هۆکاری یاسایی و شەرعی ناو بردووە. ٣ـ شرۆڤەی ڕەوتی ئازادیی زیندانیی کوردی خەڵکی سووریە لە ئێران و هەروەها وتووێژی ناوبراو لەگەڵ ڕادیۆ فەردا سەبارەت بە مەحکوومکردنی هێرشی ئەرتشی تورکیە بۆ سەر کوردەکانی سووریەی بە هۆکاری وەپاڵدانی ئەم تۆمەتە ناو بردووە. هەموو ئەم خاڵانە لە ساڵەکانی ١٣٩٨ تا پێش لە خەرمانانی ١٤٠١، ڕووی داوە. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە، جەختکردنەوەی سکاڵاکەر و ئەو داداگایەیە کە حوکمەکەی دەر کردووە سەبارەت بەوەی کە نیکبەخت بەنسیبەت ڕای کارناسیی پزیشکی دادوەری، ناڕەزایەتیی دەربریوە. ناوبراو وەکوو ئەرکی یاسایی بەنیەسبەت ڕوانگەی کۆمیسیۆنی پزیشکی دادوەری و ڕای کارناسیی ئەم ناوەندە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە چونکە ڕای کارناسی، ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەتە و ئەتوانێ حەتمی نەبێ. ناوبراو داوای پێڕاگەیشتن بە پرسی مەرگی ژینای لە کۆمیسیۆنێکی دیکەدا کردبوو و چونکە پارێزەرەکان و بنەماڵەی ژینا زانیارییەکیان سەبارەت بە پرسی پزیشکی نییە، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دووەمدا، ٥ کەس لە ١٢ پزیشکی ناسراوی ئێران کە لەلایەن بنەماڵەی ژیناوە ناسێندرابوون و کۆمیسیۆنەکە ڕەوتی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی ڕووداوەکە بە بوونی ئەم پزیشکانە باس بکەن، تا ئەگەر پرسیارێک هەیە لەلایەن ئەم پزیشکانەوە باسی لێ بکرێ. ئەمە نە تاوانە و نە نیکبەختیش شتێک جگە لەمەی وتووە. بەداخەوە دادسەرا و دادگای ئینقلاب بە بێ سەرنجدان بە وتە یاساییەکانی نیکبەخت، وتووێژی ناوبراو لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیعتماد سەبارەت بە شیکردنەوەی ڕەوتی پێڕاگەێستن بە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییان، وەکوو یەکێک لە هۆکارەکانی وەپاڵدانی تاوان وەکوو چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام پێناسە کردووە و نیکبەختیان بە بۆنەی ئەم وتووێژانەوە مەحکووم کردووە."

 ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەر، دووەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام"، لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا نێوخۆیی و بیانییەکانەوە، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی، بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ناوچەی ٣٣ی تاران کرا و تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"ی پێ ڕاگەیەندرا.

ئەم پارێزەرە بە دانانی کەفاڵەت، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.