سەقز؛ عەبدوڵڵا حەمزە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرا

10:00 - 11 رەزبەر 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا حەمزە"، تەمەن ٤٨ ساڵ و کوڕی محەممەدکەریم، خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود حاجیزادە"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقز بەرێوە چوو و دادگا، ناوبراوی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پێوەندی لەگەڵ ئەم حیزبە لە پووشپەڕی ١٤٠١ەوە"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، مەحکووم کردووە.

حوکمی دادگا دژی ئەم هاووڵاتییە، بە بەشداریی خۆی دەرچووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.

عەبدوڵڵا حەمزە، نێوەڕاستەکانی مانگی جۆزەردان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، پاش ڕاگوێزرانی بۆ زیندانی سەقز، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.