مەهاباد؛ ڕاگواستنی ڕەزا ئەندیشە بۆ زیندانی مەهاباد و ناڕوونیی چارەنووسی ئەشکان فەهیم سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ

10:51 - 26 رەزبەر 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، پاش تێپەڕبوونی مانگێک لە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی و ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی_فەرهەنگی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، ڕەزا ئەندیشە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کراوە، بەڵام هێشتا سەبارەت بە چارەنووسی ئەشکان فەهیم، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەشکان فەهیم و ئەم دوو هاوولاتییەیان دەسبەسەر کردوون. هێزەکانی سپا بە گەمارۆدانی کۆڵانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکان و شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە توندوتیژی و لێدانی ئەم دوو لاوە بە قونداغی چەک، لە کاتێکدا کە بریندار بوون و تووشی خوێنڕێژی ببوون، دەسبەسەریان کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لێدان و توندوتیژیی هێزەکانی سپا لە ئاستێکدا بووە کە ئەشکان فەهیم لە تۆی پەتوودا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا لە ورمێ کراوە.

ئەشکان فەهیم پێشینەی نەخۆشیی دڵی هەیە و دەرگیری ئەم نەخۆشییەیە، بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی سڵامەتیی کوڕەکەیانن و هیوادارن بۆ ١٠ چرکەش بووە دەنگی ببیستن و خۆی بڵێ کە دۆخی باشە.

سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەی فەهیم لە حەفتەکانی ڕابردوودا، چەندین جار سەردانی گرتنگە و دادگاکانی ورمێ و مەهابادیان کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و دۆخی منداڵەکانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هیچ ناوەندیکی ئەمنییەتیی و هیچ بەرپرسێک، وڵامدەریان نەبووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ بە سەرنجدان بە ناڕوونیی چارەنووسی ئەشکان فەهیم، ئەگەری ئەوەی کە لە گرتنگەی ئەمنییەتیی "دوقوزپلە"ی ورمێ ڕاگیرابێ زۆرە. ئەم گرتنگەیە ئەشکەنجەگەیەکی ناسراوە و ناونیشانەکەشی نادیارە."

کوردپا سەبارەت بەم گرتنگەیە زانیاریی نییە و خەریکی بەدواداچوونە.