سەقز؛ دەسبەسەرکرانی ناسر سەرگەڕان، پارێزەری دادگوستەری و مامۆستای زانکۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

00:44 - 26 رەزبەر 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ناسر سەرگەڕان، پارێزەری نابینا، مامۆستای زانکۆ و چالاکی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم پارێزەرە لە شاری سەقزدا و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە، تاکوو ئێستا تەنیا پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم پارێزەرە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.