سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

20:15 - 25 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەر، سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، سەفاعائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی سەفا عائێلی و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەفا عائێلی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.