سنە؛ میکائیل مینبەری بە ٦ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

20:00 - 25 رەزبەر 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میکائیل مینبەری"، خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە ٦ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، مەحکووم کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: میکائیل مینبەری تا کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەی دەبێ هەر ٤ مانگ جارێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بناسێنێ و ئیزنی چوونەدەرەوە لە وڵاتیشی نییە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی و هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠١، میکائیل مینبەری بە کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی پووشپەڕی ١٤٠١، میکائیل مینبەری بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠یش، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و ڕۆژی شەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ناوبراو بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.