ڕاگواستنی کۆڵبەرێک بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران

19:58 - 25 رەزبەر 2723

ئەمیر کەریمی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "گۆشخانی"، سەر بە شاری سەوڵاوا کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار ببوو، بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە تاران کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم کۆڵبەرە تاکوو ئێستا دوو جار لە نەخۆشخانەدا نەشتەرگەریی بۆ کراوە و بڕیارە سێیەمین نەشتەرگەرییەکەی لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٥ی ڕەزبەر، ئەم کۆڵبەرە لە کاتی کۆڵبەریدا لە نزیک گوندی "هەنجیران"، لە سنووری مەریوان بە بێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوو، لەلایەن هیزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێ کراوە و ئەنیشیک (آرنج)ی دەستی چەپی بەتوندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە سەرەتا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی مەریوان کرابوو.

ئەمیر کەریمی خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.