زیندانی ورمێ؛ ئەرسەلان خودکام تووشی کێشەی بینین بووە
چاوی چەپی ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە لە زیندانی ورمێدا ماوەی حوکمەکەی تێدەپەرینێت، دوابەدوای بێبەریبوون لە چارەسەری پزیشکی، تووشی کێشەی بینین بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوابەدوای ڕەتکردنەوەی بەردەوامی داواکاریی نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ورمێوە، چاوی چەپی ناوبراو تووشی کێشەی بینین بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە مەبەستی ناردنی ئەم زیندانیە سیاسیە بۆ مورەخەسی، داوای بارمتەی قورسیان کردبوو و بنەماڵەکەشی توانایی دابینکردنیان نەبوو.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: چاوەکانی ئەرسەلان خودکام پێویستیان بە چارەسەریی خێرا هەیە و بەرپرسانی زیندان گوێ بەم بابەتە نادەن.
ساڵی ١٤٠٠، حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە بە پشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیونی لێخۆشبوون، بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
مانگی خەزەڵوەری ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هێزی دادوەری، خوازیاری پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسیەکەی و بەڕێوەبردنی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بە دوور لە دزە و گوشاری مەئموورانی حیفازەتی ئیتلاعات بووە.
پێشتر دیوانی باڵای وڵات لەژێر گوشاری سپای پاسداران، حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکامی پشتڕاست کردبوو.
ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٩٧، بە تۆمەتی "سیخووڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.
ئەو زیندانییە سیاسییە، دواتر بۆ زیندان ڕاگوێزرابوو و ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ١ی دادسەرای نیزامیی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.