پێنجەمین نەشتەرگەریی چاوی ڕاستی مەسعوود ڕەحیم‌پوور، خۆپیشاندەری خەڵکی سەقز لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز

12:16 - 19 رەزبەر 2723

ڕۆژی شەممە، ١٥ی ڕەزبەر، بۆ جاری پێنجەم، چاوی ڕاستی مەسعوود ڕەحیم‌پوور، خۆپیشاندەری خەڵکی سەقز، لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز، نەشتەرگەریی بۆ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بەشێکی دیکە لە نەشتەرگەریی پێوەنددانەوەی تۆڕی چاوی مەسعوود ڕەحیم‌پوور لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێزدا ئەنجام دراوە.

شەوی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، چاوی مەسعوود ڕەحیم‌پوور، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە گەڕەکی "کەریم‌ئاوا"ی شاری سەقزدا، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەتوندی بریندار بوو.

مەسعوود ڕەحیم‌پوور لە ترسی دەسبەسەرکران، پاش تێپەڕبوونی ٣٦ کاتژمێر، دەچێتە نەخۆشخانەی خومەینیی سەقز و لەوێوە، پزیشکەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێزی دەکەن.

سەرەڕای ئەنجامدانی ٤ نەشتەرگەی بۆ چاوی ڕاستی مەسعوود ڕەحیم‌پوور، توانایی بینینی چاوی ناوبراو کەمتر لە ٢٠ لەسەد بووە.

مەسعوود ڕەحیم‌پوور، خەڵکی سەقز، کوڕی محەممەد و لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٨ە و کاری گەچکاری کردووە.