چارەنووسی سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی، ناڕوونە

12:28 - 16 رەزبەر 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی، چارەنووسی ناوبراو هەروا ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی سەفا عائێلی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە دۆخ و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سەقز و سنەیان کردووە بەڵام وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەفا عائێلی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

 ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتییەکانی سنە ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەسبەسەریان کردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەفا عائێلی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.