کوردپا خوازیاری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێونەتەوەیی سەبارەت بە دۆسییەی "ئارمیتا گەراوەند" و وڵامدەرکردنی حکوومەتی ئێرانە

13:04 - 13 رەزبەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هەواڵێک سەبارەت بە "لەهۆشچوون"ی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە مێترۆی تاران(هێڵی ٤٧ مێترۆ) و ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی دوابەدوای "خەسارگەیشتن بە مێشک"ی بڵاو کرایەوە. "ئارمیتا گەراوەند"، ناوی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٦ ساڵەیە کە ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەت (ئای سی یوو)ی نەخۆشخانەی فەجری تاراندایە. ئارمیتا چووەتە حاڵەتی کۆماوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ڕادیۆ زەمانە لەمبارەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە؛ بەشی چاوەدێریی تایبەت (ئای سی یوو)ی نەخۆشخانەی فەجری تاران "بەتوندی ئەمنییەتی" کراوە و ڕێژەیەکی زۆر لە "هێزە ئەمنییەتییەکان بە شێوەی بەردەوام" لەوێن، هەروەها "ئیزنی سەردانیکردنی بەشی ئای سی یوو کە لە نهۆمی یەکەمدایە هەڵوەشاوەتەوە". ڕادیۆ زەمانە لەم ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی: هێشتا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری "چوونە کۆما"ی "ئارمیتا گەراوەند" لەبەر دەستدا نییە. بەڵام بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان ئارمیتا و دوو کەسی دیکە لە هاوڕێکانی لەکاتێکدا کە مەقنەعەیان بە سەرەوە نەبووە "لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت تووشی دەمەقاڵێ دەبن و ئەوان پاڵ بە ئارمیتاوە دەنێن و سەری لە ئاسنێک دەدا"، "دابەزینی زەختی خوێنیش  بە هۆی خوێن لەبەر ڕۆیشتن لە نێو کەلـلەسەری" هاتووەتە ئاراە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا)، بەشێک لە فیلمی کامێرای چاوەدێریی مێترۆی گۆڕەپانی شوهەدای تارانی بە بێ ئەو بەشانەی کە کاتی هاتنەژوورەوەی ئارمیتا بۆ نێو وێستگە و واگۆنەکە نیشان دەدات، بڵاو کردەوە. پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی نێو واگۆنەکە و کاتی چوونەژوورەوەی ئارمیتا لەو بارەوە گرینگە کە گێڕانەوەی هەندێک لە شایەتحاڵان باس لە هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکوومەت بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی حیجاب لەلایەن ئارمیتا و هاوڕێکانی لەم دوو شوێنەدا دەکات.

لە هەمان ڕۆژدا "مریەم لوتفی"، هەواڵنێری بەشی کۆمەڵایەتیی "شەبەکەی شەرق" کە بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاپۆرت سەردانی نەخۆشخانەی فەجری کردبوو، دەسبەسەر کرا. شەبەکەی شەرق، پاش یەک کاتژمێر هەواڵی ئازادبوونی ئەم هەواڵنێرەی بە پێداچوونەوەی هەواڵی سەرەتایی و سڕینەوەی بەشی "سەردانی ناوبراو لە نەخۆشخانەی فەجر بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرت"، بڵاو کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هواڵدەریی ئیرنا سەرلەنوێ وتووێژێکی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٦ ساڵەیە بە بێ ئاماژەکردن بە ناوی خۆی و دایک و باوکی بڵاو کردەوە. بە سەرنجدان بە وتەی دایکی ئارمیتا کە دەڵێ: "وابزانم، وتیان زەختی دابەزیوە" و باوکیشی دەڵێ، "نازانم لەهۆش خۆی چووە یا چی بووە". بە ئەگەری زۆرەوە ئەم بنەماڵەیە هێشتا نازانن ڕاستیی ڕووداوەکە چۆن بووە و ڕاپۆرتەکەی ئیرناش زیاتر پێداگری لەسەر وەدرۆخستنەوەی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەلایەن بنەماڵەکەوە لەمەڕ هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکوومەت دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ش، هەواڵێک لەمەڕ دەسبەسەرکرانی دوو هاوڕێکەی "ئارمیتا گەراوەند" بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر و گوشار خستنەسەریان بۆ بێدەنگ بوون لەمبارەوە، بڵاو کرایەوە. هەروەها هەواڵەکان باسیان لە دەسبەسەرکرانی باوک و دایکی ئارمیتا لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ و گوشارەکان بۆ سەریان و هەڕەشەکردن لەوان کرد. هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم دایک و باوکە تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە لە پشت شیشەوە منداڵەکەیان ببینن.

هەمان ڕۆژ، ڕۆژنامەی ئینتێرنێتیی "فەراز"، کە بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئارمیتا کردووە لە زاری باوکیەوە نووسیویەتی: "ڕاستییەکەی من زانیارییەکی ئەوتۆم لە دۆخی ئارمیتا نییە. لە نەخۆشخانە نیم. لە شوێنی کارەکەمم. چەند ڕۆژێکە هەواڵم لە ئارمیتا نییە و "تا جێگایەک کە هەواڵم هەیە ئەزانم لە کۆمادایە. تەنیا ئەمە دەزانم." ئەڵبەتە سەرنووسەری ئەم گۆڤارە "مازیار خوسرەوی" پاش چەند کاتژمێر بە بڵاوکردنەوەی تویتێک باسی لە "ڕەتکردنەوە و سڕینەوە"ی ئەم ڕاپۆرتە کرد.

بە سەرنجدان بە ڕەوتێک کە لە کاتی ڕووداوەکەوە باسی لەسەر کرا و تاکو ئەمڕۆ بینراوە، هەوڵە بەربڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناڕوون مانەوەی ئەم پرسە، ناچارکردنی دایک و باوکی ئارمیتا بە دانیشتن لە بەرامبەر کامێرای تلویزیۆنی حکوومەتی و ناچارکردنیان بە وتووێژ لە کاتێکدا کە هێشتا هۆکاری ڕووداوەکە نازانن و گوشارخستنە سەریان بە مەبەستی ڕەتکردنەوەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دەسبەسەرکردنی ئەو هەواڵنێرانەی کە دەیانەوێ سەبارەت بە دۆخی ئارمیتا هەواڵ بڵاو بکەنەوە، ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی لە نەخۆشخانەی فەجری تاران و هەڵوەشاندنەوەی سەردانیکردنەکان لە نهۆمێکی نەخۆشخانەکە هەتا گوشارهێنان و هەڕەشە و دەسبەسەرکردنی هاوڕێیانی ئارمیتا و بنەماڵەکەی؛ ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێونەتەویی بۆ لێکدانەوەی وردەکارییەکان و پێشگرتن لە دووپاتبوونەوەی نکۆڵیکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی توندوتیژییە حکوومەتییەکان و ئەو تاوانانەی کە کردوونی بە پێویست دەزانێ.

بە سەرنجدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕەتکردنەوە و وەدرۆخستنەوە و نکۆڵیکردن لە توندوتیژییە حکوومەتییەکان و جینایەتدا پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە و ئاماژە بە ناڕوونیی دۆسییەی ژینا_مەهسا ئەمینی تاکوو ئێستا و پیشگرتن لە نیشاندانی هەر چەشنە بەڵگەیەک بە بنەماڵەکەی، هەروەها نکۆڵیکردن لە جینایەتی مووشەکیی فڕۆکەی ٧٥٢، دوو نموونەی بەرچاوی ئەم ڕاستییەن. ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وڵامدەرکردن و گوشارخستنە سەر حکوومەتی ئێران سەبارەت بەو ڕووداوەی کە بەنیسبەت ئارمیتا ڕووی داوە و دەسپێکردنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێونەتەوەیی بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکە و لێکدانەوەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە بە پێویست دەزانێ و پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هۆکاری چوونە کۆمای ئارمیتا و بەڵگە پێوەندیدارەکان دەبێ لەلایەن کۆمیتەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانەوە لێکدانەوەیان بۆ بکرێ.

لەو ڕووەوە کە ڕوونکردنەوەی توندوتیژییە حکوومەتییەکان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا ئیماکانی نییە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی بۆ ڕوونبوونەوە و پێدانی زانیاری بە ڕای گشتی سەبارەت بەو ڕووداوە تاڵانەی کە ڕوویان داوە بایەخێک دانانێ و هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵکی بەم توندوتیژییانە کە ئەگەری هەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی مەرگ بکاتەوە، بە دەسبەسەرکردن، تەقەکردن و سەرکوت وڵام دەداتەوە. لەو ڕووەوە کە ئەمە بێبەریبوونی هاووڵاتییان لە پارێزراوبوون لە توندوتیژیی حکوومەتی و ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکانی بۆ مەحاڵ کردوون، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا خوازیارە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان و سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵک، ڕێکاری نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤی لەبەر بگرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا

١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢