ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی ٤ کەس لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسن قەیسەریدا

11:27 - 1 رەزبەر 2723

لە یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسن قەیسەری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئیلام، برایەکی بە ناوی محەممەدحوسێن قەیسەری و سێ هاووڵاتیی دیکە، بە ناوەکانی هۆدا سادقی، موحموود سادقی کە کچ و باوکن و عەلی شێرخانی، دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسن قەیسەری لە گیانلەدەستداوانی ئیلام لەسەر مەزاری ناوبراو، محەممەدحوسێن قەیسەری تەمەن ٤٠ ساڵ و برای موحسن قەیسەری، هۆدا سادقی تەمەن ٣٥ ساڵ و باوکی بە ناوی مەحمووود سادقی و هەروەها عەلی شێرخانی تەمەن ٢٠ ساڵ، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

محەممەدحوسێن قەیسەری پاش چەند کاتژمێر، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا. هۆدا سادقی و موحموود سادقی و عەلی شێرخانی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دۆخی جەستەیی عەلی شێرخانی بە هۆی لێدان بە باتوم لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە لە کاتی دەسبەسەرکراندا، ناجێگیرە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پزیشک لە گرنگەی ئیتلاعاتی ئیلامدا بێبەرییە.

ڕێوڕەسمی  یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسن قەیسەری، لەسەر مەزاری ناوبراو لە گۆڕستانی "بەهەشت ڕەزا"ی ئیلام و مزگەوتی "نەبی هانیوان" بە بەشداریی خەڵک بەڕێوە چوو، بەڵام هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەر خەڵک و ٤ کەسیان دەسبەسەر کرد و ئەوانی دیکەشیان دانە بەر لێدان.

ئیلام/ قەتڵی حکووومەتیی موحسن قەیسەریی تەمەن ٣٢ ساڵ؛

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، موحسن قەیسەری هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و لە پارکی کوودەکی ئەم شارەدا، بە تەقەی ٥٠ فیشەکی ساچمەیی لە سەر و سینگی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیانی لەدەست دا.

موحسن قەیسەری لە کاتێکدا کە خەریکی یارمەتیگەیاندن بە کچێک بووە کە گازی فرمێسکڕێژیان لێ داوە، کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان.

تەرمی موحسن لە ڕێکەوتی یەکی ڕەزبەری ١٤٠١ پاش گوشارەکانی بنەماڵەکەی ڕادەست کرایەوە و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیشی بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە گۆڕستانی بەهەشت ڕەزا و بە وتنەوەی دروشم دژی حکوومەتی ئێران بەڕێوە چوو.

موحسن قەیسەری تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی نەزەر و خەدیجە دەرچووی بواری کامپیۆتر بوو. نادادپەروەری لە کۆمەڵگادا ئازای دەدا و هەمیشە هەوڵی بۆ جێگیرکردنی یەکسانی و دادپەروەری دەدا. ناوبراو خەریکی بیناکردنی خانوو بۆ ژیانی هاوبەش بوو و دوو ڕۆژ پاش تەواوکردنی کاری خانووەکەی گیانی لەدەست دا.