بێڕێزیی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرانبەر بە بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

00:25 - 31 خەرمانان 2723

دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەرمانان، پاش ئەوەی کە بنەماڵە و کەسوکاری هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، چوونە سەر مەزاری کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە فیلمهەڵگرتنەوە و بێڕێزی بەم بنەماڵەیە کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان پێش گەیشتنی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی چووبوونە سەر مەزاری هوومەن و ئەم کارە دژکردەوە و ناڕەزایەتیی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی بەدواوە بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: خزمەکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی، لە ترسی دەسبەسەرکران، باوکی هوومەنیان لە گۆڕستانەکە دوور کردەوە.

هوومەن عەبدوڵلاهی یەکێک لە گیانلەدەستداوانی بزوووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە شەوی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە سنە، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.