کاوان ڕەزایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا

20:05 - 29 خەرمانان 2723

کاوان ڕەزایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی سنە، پاش ٦ ڕۆژ  دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم مێرمنداڵە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و پاش ڕاگوێزرانی بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەبییەتی سنە، ئازاد کراوە. کاوان ڕەزایی لە ماوەی لێپرسینەوەکەیدا لەژێر گوشاری تونددا بووە و چەند برینێکیش لەسەر ڕوومەتی بەجێ ماون. ناوبراو بە هۆی چالاکیی سیاسیی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە دەرەوەی وڵاتیش کەوتووەتە ژێر گوشار.

کاوان ڕەزایی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا دوو جار توانیویەتی پێوەندیی کورتی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانان، ١٥ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم مێرمنداڵە و دەسبەسەریان کردووە.