ئارش شەریفی، بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا

17:55 - 29 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارش شەریفی"، تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی عەباس، خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی مەریوان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەرمانان، ئەم هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ئەم هاووڵاتییە لە پێوەندییەکدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندبوو کە بە مەبەستی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.

ئارش شەریفی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئارش شەریفی، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردان، لە شوێنی کارەکەی و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئارش شەریفیدا گرتووە و بردوویانە.