سنە؛ دوو برا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

14:31 - 28 خەرمانان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "خەبات دێهدار" و "ڕامیار دێهدار"، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووتە سەر ماڵی ئەم دوو برایە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مۆبایلی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم دوو برایەدا، بێڕێزییان بە ئەندامانی بنەماڵەکەیان کردووە.

خەبات دێهدار، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەلوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خەبات دێهدار و ڕامیار دێهدار زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: خەبات و ڕامیار دێهدار