ئەیووب ئاغالیانی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

14:51 - 12 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، یەکی خەرمانان، خۆپیشاندەرێک بە ناوی "ئەیووب ئاغالیانی"، تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی جەهانگیر، پاش ئامادەبوون لە لقی جێبەجێکاری سزای دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، ئەم خۆپیشاندەرە بە دانانی بارمتەی ٢١ میلیارد و ٢٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەیووب ئاغالیانی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ، بە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ویدیۆکۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەڕیوە چوو و دادگا ناوبراوی بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی وڵات" بە چوار ساڵ زیندان، "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچی، "تێکدانی کەلوپەلی گشتی" بە یەک ساڵ و ٦ مانگ زیندان و "بەشداری لە ئاگرتیبەردانی بەئەنقەستی کەلوپەلی گشتی" بە چوار ساڵ زیندان بە ڕەچاوکردنی زۆرترین سزا و بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرابوو.

حوکمی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوەدا بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا، ئەیووب ئاغالیانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی ورمێ بە تۆمەتی "تێکدانی کەلوپەلی گشتی بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ و ٥ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەم خۆپیشاندەرە، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١یش ، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی(تێکدانی نەزمی گشتی بە هەرا) و تێکدانی کەلوپەلی گشتی بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و هەستانەوەی چەکداری لە بەرانبەر حکوومەتی ئیسلامی(موحاربە و هەستانەوەی چەکداری دژی حکوومەتی ئیسلامی)"موحاکمە کرا و تاکوو ئێستا لەمبارەوە حوکمێکی پێ ڕانەگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ ڕۆژی هەینی، ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.