سنە؛ برا و پووری سارینا ساعدی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کران

01:40 - 24 خەرمانان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانان، موعید ساعدی، تەمەن ١٥ ساڵ، برای سارینا ساعدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، لەگەڵ پووری خۆی بە ناوی ڕێزان ساعدی، تەمەن ١٧ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییەیان لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە بە هۆی هەڵگرتنەوەی فیلم، دەسبەسەر کردوون.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو مێرمنداڵە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سارینا ساعدی، تەمەن ١٦ ساڵ و کچی هاشم، کە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەردا، کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە باتوم لە سەری درابوو، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.