ئاخرین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان بەڕێوە چوو

01:14 - 23 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانان، ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان لە دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چوو.

دوو دانیشتی کۆتایی دادگاییەکەی ئەم چالاکەی بواری ژنان بە تۆمەتەکانی "دروستکردنی گرووپی نایاسایی (ژیڤانۆ) بە ئامانجی ڕووخانی نیزام، ئەندامەتی لە گرووپەکانی نێوخۆی وڵات لە ڕاستای تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بەڕێوە چوو و لە کۆبوونەوەی یەکەمدا جوامێر عەبدوڵلاهی و عوسمان موزەیەن و لە کۆبوونەوەی دووهەمدا جوامێر عەبدوڵلاهی و شۆڕش تەوحیدی پارێزەرانی دۆسییەی ژینا مودەڕس گورجی، بەرگرییان لێ کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان، پاش ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

بانەمەڕی ئەمساڵ، لقی یەکی لێپرسینەوە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، سکاڵای ژینا دژی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لەمەڕ زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی، بێبەریکردن لە یاساکانی یاسای بنەڕەتی، ڕفاندن، لێدان و توندوتیژی و بێڕێزی بە مرۆڤەکانی ڕەت کردەوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی لەمبارەوە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی "عەلیڕەزا فاریابی"، بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، سکاڵاکەی ژینا مودەڕس‌گورجیی ڕەت کردەوە.

پارێزەرەکانی ژینا بە هۆی ئەنجامنەدانی لێکۆڵینەوەی قەزایی و گرینگینەدان بە بەڵگەکان، بەرانبەر بە دەنگی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ڕەتکردنەوەی دەنگەکەی داگایان کرد و خوازیاری ئەوە بوون کە کەموکوڕییەکانی لێکۆڵینەوەکە ڕابگەیەندرێ.

ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان، ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕ، لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەوە بۆ بەندی گشتی ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، ژینا مودەڕس‌گورجی دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا.

ژینا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.

ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."