کامێران؛ دانانی کامێرای ئەمنییەتی و جێگیرکردنی پرسگە لە ترسی هەستانەوەی دووبارەی خەڵک

21:47 - 21 خەرمانان 2723

لە درێژەی توندبوونەوەی کەشی ئەمنییەتی لە شارەکانی کوردستان، ئەو ڕاپۆرت و وێنانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، نیشان دەدەن کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی کامێران، کامێرای ئەمنییەتی دانراوە و چەند پرسگەش لە چوونەدەرەوەی ئەم شارە دانراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی لەنێو شار، گۆڕەپانی شۆرا، چوارڕێیانی ئەدهەم موزەفەری، بلواری کوردستان و بەرانبەر بە ١٢ میتریی تەوحید بە شێوەی نزیک لە یەک و لە کاتێکی کەمدا کامێرای ئەمنییەتییەیان داناوە، لە چوونەدەرەوەی شاریش، سپا دەستی بە جێگیرکردنی پرسگە و پشکنینی خەڵک کردووە، ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ "سەرلێشێوان لە ترسی هەستانەوەی دووبارەی خەڵک لە ڕواڵەتی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا دیارە."

ڕاپۆرتی تایبەتی کوردپا سەبارەت بە دانانی کامێرای ئەمنییەتی، هەڕەشەکردن لە بازاڕییان و ناردنی هێز و گەشتلێدانی هێزی سەرکوت لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی لە سەقز لێرە بخوێننەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و شارەداریی سنە، بە شەودا، کامێرای ئەمنییەتییان لە "بلواری کوردستان" داناوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان و شارەداری لە ترسی ئاشکرابوونی شوناسیان، بە شەودا ئەو کارە دەکەن.

تاکوو ئێستا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە دانانی کامێرای ئەمنییەتی لە شارەکانی سەقز، سنە، کامێران و پیرانشار بە دەستی کوردپا گەیشتووە.