مارک زیمرمان، ئەندامی پارلەمانی ویلایەتی نوردراین_وێستافلێن، کەفاڵەتی سیاسیی نەوید محەممەدنژاد، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی لە ئەستۆ گرت

21:40 - 21 خەرمانان 2723

مارک زیمرمان، ئەندامی پارلەمانی ویلایەتی نوردراین_وێستافلێن، لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی لەسێدارەدرانی نەوید ئەفکاری، کوشتیگیری ئێرانی، کەفاڵەتی سیاسیی نەوید محەممەدنژاد، وەزشکاری خەڵکی ئیلام و لە دەسبەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی لە ئەستۆ گرت. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە دەسبەسەرکران و لەسێدارەدرانی وەرزشوانان لە ئێراندا نووسیویەتی؛ حکوومەتی ئێران هەموو ڕۆژێک مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.

مارک زیمرمان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران لانیکەم هەموو ڕۆژێک مافی مرۆڤ پێشێل دەکات. یەکێکی تر لە قوربانییانی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە بۆکسۆر، نەوید محەممەدنژادە. نەوید لە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ دا بە هەڵە لە ئێران دەسبەسەر کرا. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە خۆی و تۆمەتەکانیش کە وەپاڵی دراوە لەبەر دەستدا نییە. بەداخەوە ئەم جۆرە ڕووداوانە لە ئێراندا دەگمەن نین، بەڵکوو بووەتە ڕەوت! هەر ئەم ساڵی ڕابردووە بوو کە نەوید ئەفکاری بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و دوایەش لە سێدارە درا."

کەفیلی سیاسیی نەوید محەممەدنژاد، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە؛ بۆ ئەوەی کە نەوید محەممەدنژاد بە زوویی و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ژیان، کەفاڵەتی سیاسیی ناوبراو، لە ئەستۆ دەگرم.

پێشتریش سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە  فراکسیۆنی SPDی  پارلەمانی ئاڵمان، کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەی "سۆلینا" و ئێریک مارکوارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدی، زیندانیی سیاسیی تەمەن ١٦ ساڵی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی لە ئەستۆ گرتبوو و ئەم ڕەوتە بۆ گەیاندنی دەنگی زیندانییانی سیاسی درێژەی هەیە.

ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "نەوید محەممەدنژاد"، "مێهرداد قەیسەربەیگی"، "ئەیووب گەراوەند" و "یوونس گەراوەند"، خەڵکی شاری سەراوڵە لە ئیلام بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرابوون. ئەوان پاش حەفتەیەک دەسبەسەرکران گەڕێندراوەتەوە بۆ گرتنگەی ناوەندیی ئەم شارە و ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەم کەسانە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی درابوون.

ڕۆژی یەکشەممە، یەکی گەلاوێژی ١٤٠٢، ئەم کەسانە لە ناڕەزایەتی بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکانیان لەلایەن دادستانی سەراوڵەوە لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام، مانیان لە خواردن گرتبوو.