چوار هاووڵاتی لە شارەکانی سەقز و شنۆ دەسبەسەر کران

16:46 - 21 خەرمانان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئومید موقەدەسی" و "هیوا تاتایی" خەڵکی شاری سەقز و "زانیار مەقدوور" و "فەردین خۆش‌خاهێش" خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئومید موقەدەسی و هیوا تاتایی بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە، کراون.

فەردین خۆش‌خاهێش ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەبووتالیب جەلیل‌پوور" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و گرینگینەدان بە مەئمووران و تێکدانی کەلوپەلی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان"بە ٥ ساڵ و سێ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.