بانگهیشتی خوێندکارێکی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

23:15 - 20 خەرمانان 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، خوێندکارێکی کورد بە ناوی "دڵسۆز میری"، کچی نەسرەدین خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی سنە، پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانان، لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان وتووە کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، سەردانی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بکات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دڵسۆز میری، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

دڵسۆز میری، خوێندکاری کارناسیی کارگێڕیی زانکۆی عیلمی_کاربۆردیی سنەیە و لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو بۆ ئیتلاعاتی سنە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویش، ئەم هاووڵاتییە کوردە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.