ڕاگواستنی ئومید قەدیمی بۆ گرتنگەی ئەمنیەتیی شارامفەری سنە

10:48 - 20 خەرمانان 2723

ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، پاش بانگهێشتکران بەمەبەستی لێپرسینەوە، بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئومید قەدیمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک پێوەندیی کورتی تلفۆنیی لەگەڵ دایک و باوکی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانان، ئومید قەدیمی لە کاتی چوون بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرەدا و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئومید قەدیمی تەمەنی ٣٢ سالە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

فواد قەدیمی، لەدایکبووی یەکی ڕەشەمەی ١٣٦١، کوڕی حەدێقە سەفایی و عەبدوڵلا بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و لە شاری دیواندەرە کاری دروومانی دەکرد. فواد قەدیمی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.