سەدان چالاکی مەدەنی و سێنفی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا خوازیاری ئازادیی سامان پاشایی بوون

17:49 - 18 خەرمانان 2723

زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی، خوێندکار، کەسایەتیی ئاکادێمیک، چالاکی مەدەنی و سیاسی، لە نامەیەکی سەرئاوەلادا بۆ دادستانی هێزی دادوەری، خوازیاری ئازادیی سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتی فەرەنگی و خەڵکی سەقز بوون.

لەم نامەیەدا کە نموونەیەکی کەوتووەتە دەستی کوردپا، هاتووە: ئێمە، دوکتور سامان پاشایی، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆ، قارەمانی پێشووی میللی و ڕاهێنەری وەرزشی لە نزیکەوە دەیناسین و ئاگاداری کەسایەتی، کردەوە و ئاکاری ناوبراوین و بە دڵنیاییەوە شاهێدی ئەوە دەدەین کە ناوبراو کەسایەتییەکی زانستی و کۆمەڵایەتیی دڵسۆز بۆ هەمووان بووە و بەردەوام کەڵکەڵەی خاک و خەڵکەکەی لەسەردا بووە.

لە درێژەی ئەم نامەیەدا هاتووە: سامان پاشایی سەرەڕای ئەوەی کە ئەیتوانی لە وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپاییدا بژیت، لە شار و وڵاتی خۆی ماوەتەوە و ژیانکردن لەگەڵ خەڵکی هاوزمانی خۆی بەلاوە گرینگتر بوو.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە لە کۆتاییدا جەختیان کردەوە: بە دڵنیاییەوە ڕایدەگەینێن کە سامان پاشایی هاووڵاتییەکی دڵسۆز و باشە، مامۆستایەکی بەئەزموون و زانایە، چالاکێکی کۆمەڵایەتیی دڵسۆز و خەڵک خۆشەویستە، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی قەبووڵکراو بووە و هەیە. بۆیە دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٥٨ ڕۆژەی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە شیاو نازانین و داوای ئازادی و ڕێزگرتن لەم سەرمایە کۆمەڵایەتی، خەڵکی و زانستییە لە بەرپرسانی پێوەندیدار دەکەین.

خەرمانانی ئەمساڵ، قەراری دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتی فەرەنگی و خەڵکی سەقز کە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری توندی ئەمنییەتیی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە، بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەمە بۆ سێهەمین جارە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی درێژ دەکرێتەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە سامان پاشایی کردووە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەر دەکرێ و ئیزنی هیچ چەشنە کارێک، تەنانەت ڕنگکردنیشی پێ نادەن و هەروا بە بێ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی، ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکەنەوە.

سامان پاشایی لە ژووری تاکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاری توندی دەروونیدایە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.