سەقز؛ میلاد فازڵ‌پوور بە ساڵێک زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

11:26 - 12 خەرمانان 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میلاد فازڵ‌پوور"، تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی "مەلقەرەنی"ی سەر بە شاری سەقز، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی میلاد فازڵ‌پوور ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ لە دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە سێ ماشین هێرشیان کردە سەر گوندی "مەلقەرەنی" و ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرد.

میلاد فازڵ‌پوور، بە مەبەستی لێپرسینەوە بە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.