چارەنووسی ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، دوای ١٥ ڕۆژ، ناڕوونە

00:40 - 15 خەرمانان 2723

سەرەڕای ئەوەیکە ١٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی خۆپیشاندەری لەسێدارەدراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا تێدەپەڕێ، لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزمەکانی هەڕەشەیان لێ کراوە کە لەمبارەوە زانیارییەک نەدرکێنن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ماشەڵڵا کەرەمی لە شوێنێکی نادیار ڕاگیراوە و تاکوو ئێستا ڕوانەی زیندان و بەندی گشتی نەکراوە، تاکوو نەتوانێ دەنگی خۆی بە دەرەوە بگەیێنێ. هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش هەڕەشەیان لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی کەرەمی کردووە کە لە ئەگەری درکاندنی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ماشەڵڵا کەرەمی، دەسبەسەر دەکرێن.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ماشەڵڵا کەرەمی و لەپتاب و مۆبایلی ناوبرا و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان برد و ناوبراویشیان دەسبەسەر کرد.

محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فی‌الارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.