سكاڵای بنەماڵەی ئاریان خۆشگوار لە قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان بە بێ ئاکام لەلایەن دادستانی سنەوە کۆتایی پێ هات

00:35 - 15 خەرمانان 2723

بنەماڵەی ئاریان خۆشگوار لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی باسیان لە داخرانی دۆسییەی سکاڵاکەیان دژی هێزە ئینتیزامییەکان و بکەرانی قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان کرد و وتیان ئەم دۆسییەیە بە بێ هیچ ئاکامێک و بە بڕیاری دادستانی سنە، داخراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی خۆشگوار کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢، دوای گیانلەدەستدانی ئاریان کە ٤ مانگ لە نەخۆشخانەدا بێهۆش بوو، سکاڵایان دژی بکەران و بڕیاردەرانی کوشتنی منداڵەکەیان تۆمار کرد و خوازیاری سزادانی بکوژان بوون. بنەماڵەی خۆشگوار سکالایان دژی هێزە نیزامییەکان و بکەرانی قەتڵی حکوومەتیی ئاریان لە دادگای گشتی، ئیدارەی ئاگایی و دادسەرای نیزامیدا تۆمار کردبوو کە ئەم سکاڵایە بە بێ ئاکام لەلایەن دادستانی سنەوە، داخراو ڕاگەیەندرا.

محەممەد جەباری دادستانی ئێستای سنەیە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرمانداری سنە لە پێوەندییەکدا لەگەڵ مامی ئاریان، پێشنیاری وەرگرتنی دیەی پێ داون کە ئەم پێشنیارە لەلایەن مامی ئاریانەوە ڕەت کراوەتەوە.

حەسەن عەسگەری، فەرمانداری ئێستای سنەیە. ناوبراو پێشتر سەرکردەی سپای سنە و بیجاڕ و بەرپرسی بەسیجی فەرهەنگییانی پارێزگای سنە بووە.

لە ڤیدیۆیەکدا کە کوردپا، لە کاتوساتی گیانلەدەستدانی ئاریان خۆشگوار بڵاوی کردەوە، ئاریان ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە کاتی گەڕانەوە لە کارەکەی، لە کۆڵانەکانی "حاجیاوا"ی سنەدا، کتوپڕ لەلایەن لانیکەم ١٠ کەس لە هێزەکانی یگانی تایبەت و لیباس شەخسییەکانەوە کە ماتۆڕ و ماشینیان پێ بوو، لە پشتەوە هێرشی کرایە سەر و  پەیتاپەیتا بە چەقۆ لە سەر و ڕان و قامکەکانی دەستیان دەدا و هەروەها بە باتوم لە سەر و جەستەی، سک و پشتیان دا و ڕێگایەکی بۆ دەربازبوون نەبوو و کەوتە ژێر پێی هێزەکان و لە کۆتاییدا بە ماتۆڕەکانیان بە سەریدا تێپەڕین.

ئاریان خۆشگوار، پاش ١١٨ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەکانی سنە و تاران، ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠١، بە هۆی وەستانی دڵ، پاش ٤ مانگ مانەوە لە بەشی ئای سی یوو، گیانی لەدەست دا.