نیگەرانیی بنەماڵەی لوقمان قادری، زیندانیی سیاسیی کورد لە دۆخی ناوبراو و دەرکردنی بنەماڵەکەی لە دادسەرا لەلایەن دادستانەوە

00:28 - 15 خەرمانان 2723

لوقمان قادری، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی نەغەدە، لەژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندایە. ناوبراو چەندین جار لەلایەن ئیلاعاتی ورمێوە هەڕەشەی کوژران و بێسەروشوێنکرانی لێ کراوە و چەندین جاریش بەرەوڕووی بەڕێوەبردنی تیربارانی ساختە بووەتەوە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکەی بەدواوە بووە و سەرەڕای هەوڵێکی زۆر بۆ دانانی بارمتە و ئازادکردنی ناوبراو، لەلایەن دادسەرا و دادستانی پیرانشارەوە وڵامیان نەدراوەتەوە.

پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، باسی لە هەڕەشەی کوژران، بێسەروشوێنکردن و تیربارانی ساختە دژی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن ئیتلاعاتی ورمێوە کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لوقمان قادری، کە پاش ٨ مانگ و نیو ئەشکەنجە و لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزاوە، لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا بۆ شوێنگەلێکی نادیار ڕاگوێزراوە، بەتوندی لێی دراوە و هەڕەشەی کوژران و بێسەروشوێنکرانی لێ کراوە و چەندین جاریش بە شێوەی ساختە، تیرباران کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: لە چەند حاڵەتی دیاریکراودا، لێپرسەکای ئیتلاعات، ئەم زیندانییە سیاسییەیان بردووەتە باخگەلێگی نادیار و پاش بەستنەوەی بە دارەکانەوە، بە شێوەی ساختە تیربارانیان کردووە. لە حاڵەتەکانی دیکەشدا، هەڕەشەی بڕینەوەی دەست و لاقیان لێ کردووە یان وتوویانە دەتکوژین و لە شوێنێکی نادیاردا، ئەسپەردەی خاکت دەکەین و هیچکەسیش پێت نازانێ.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هۆکاری ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەی، ئەندامەتی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە حیزبە کوردییەکان دەزانێ و دەڵێ سەرەڕای ئەوەیکە دادوەر داواکارییەکەی ناوبراو بۆ وەرگرتنی مورەخەسی بە بارمتەی سێ میلیارد تمەنیی قەبووڵ کردووە، بەڵام موجتەبا مەحموودی، دادستانی پیرانشار ئەم داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، کوردپا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاند؛ دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، پێدانی مورەخەسی و ئاسانکاریی دیکە بۆ ئەم زیندانییەیان مەرجدار کردووە بە هاوکاریکردنی ناوبراو لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان.

ئەم زیندانییە سیاسییە، لە نامەیەکدا کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە بە مەبەستی وەڵامدەرکردنی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان،  بەدواداچوون بۆ دۆخی زیندانییان بکەن.

لوقمان قادری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە دوو ساڵ و ٧ مانگ زیندان و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠١، لە زیندانی ورمێ، بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پووشپەڕی ١٤٠١، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەم هاووڵاتییەیان لە ڕێگای پیرانشار_پەسوێ دەسبەسەر کردبوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.