بانگهێشتی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ئیتلاعاتی بۆکان

18:38 - 14 خەرمانان 2723

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بانگهێشتی ئیتلاعاتی بۆکان کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، کاتژمێر ٩ی بەیانی، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە دوابەدوای ئەوەی کە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیتلاعاتی بۆکان کران، لەو ناوەندە ئەمنییەتییە ئامادە بوون. ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بە بنەماڵەی حەسەنزادەی ڕاگەیاندبوو کە لە ئەگەری ئامادەنەبوویان، خۆیان دەچن و بۆ ئەو ناوەندەیان دەبەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، پاش چەند کاتژمێر مانەوە لە ئیتلاعاتی بۆکان و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە واتە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە پێوەندییەکەی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە خەریکی گەڕانەوەن.

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا. ناوبراو لە ئاخرین ستۆریی خۆیدا لە ئینستاگرام نووسیبووی: "ڕەنگە ئەمە ئاخرین ڕۆژی ژیانم بێ، بۆ بەختەوەری نەتەوەکەم."