سنە؛ ئومید قەدیمی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:33 - 5 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ئازاد کرا.

ئومید قەدیمی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانان، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەر کراوە و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزراوە.

ئومید قەدیمی تەمەنی ٣٢ ساڵە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

فواد قەدیمی، لەدایکبووی یەکی ڕەشەمەی ١٣٦١، کوڕی حەدێقە سەفایی و عەبدوڵلا بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و لە شاری دیواندەرە کاری دروومانی دەکرد. فواد قەدیمی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.