چوار زیندانیی خۆپیشاندەری خەڵکی ئاودانان و دەڕەشار لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام، مانیان لە خواردن گرتووە

15:53 - 13 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "وەحید چاوران"، "ناسر ڕەزایی" و "محەممەدحوسێن حاسڵی" خەڵکی ئاودانان و "دوکتور بەختیار محەممەدزادە"، خەڵکی دەڕەشار لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام، لە ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسیان، درێژبوونەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و دۆخی ناجێگیری جەستەیی و ڕۆحیی وەحید چاوران، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دۆخی گشتیی وەحید چاوران لە مانگێک لەمەوپێشەوە ڕووی لە خراپی کردووە و ئەم خۆپیشاندەرە هەندێ کردەوەی نائاسایی لە خۆی نیشان دەدات بە جۆرێک کە ناتوانێ کۆنتڕۆڵی هەندێ لە ڕەفتارەکانی خۆی وەکوو پێکەنین و قسەکردن بکات.

دەوترێ هێزەکانی ئیتلاعات دەرمانیان بەم زیندانییە داوە و بەم هۆیەوە تووشی ئەم حاڵەتە بووە.

ناسر ڕەزایی ڕۆژی دووشەممە، یەکی جۆزەردانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢، پاش بانگهێشتکران بۆ دادگای شاری دێهلۆڕان دیسانەوە دەسبەسەر کرا.

وەحید چاوران، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە کاتی چوونەدەرەوە لە وڵات بەبێ بەڵگەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە سنووری ورمێ دەسبەسەر کرا. ناوبراو بە هۆی بەشدایی چالاک، لە ناريزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەدواداچوونی بۆ کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی محەممەدحوسێن حاسڵی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەراوباخ سەر بە شاری ئاودانان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردبوو.

دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ توندوتیژی بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە تێکدان و تێکشکاندنی کەلوپەلی ماڵی ناوبراو کردووە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢، دوکتور بەختیار محەممەدزادە، بەڕێوەبەری دەرمانخانەیەک لە دەڕەشار، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی دەسبەسەر کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ناسر ڕەزایی، محەممەدحوسێن حاسڵی، وەحید چاوران و دوکتور بەختیار محەممەدزادە