نازیلا مەعرووفیان پاش ٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و مانگرتن لە خواردن، بە یەک ساڵ زیندان و ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا

11:55 - 13 خەرمانان 2723

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران, پاش ٤ جار دەسبەسەرکران دوای دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا. نازیلا لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیەوە مانی لە خواردن گرتبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، نازیلا مەعرووفیان لە کاتێکدا کە بۆ دادگای تاران ڕاگوێزرابوو و وتبووی دەتانتوانی لە زینداندا حوکمەکەم پێ ڕابگەیێنن.

ناوبراو هەمان ڕۆژ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "کۆبوونەوە و تەبانی" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا وێڕای ئاماژە بەوەی کە دۆسییەگەلێکی دیکە دژی نازیلا مەعرووفیان کراونەتەوە، سەبارەت بە مانگرتنەکەی وتی ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە سەرەتای دەسبەسەرکرانی ئەمجارەوە، مانی لە خواردن گرتووە و تاکوو ئێستا لەم مانگرتنە بەردەوام بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەرمانان، نازیلا مەعرووفیان، بۆ چوارەمین جار پاش دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتی_ئەخلاقییەکان بۆ سەر ماڵەکەی وێڕای نواندنی توندوتیژی و لێدان دەسبەسەر کرا و پاش سێ جار ڕەتکرانەوەی داواکاریی وەرگیرانی لەلایەن زیندانی قەرچەکەوە، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

 ئەم سەرجاوەیە باسی لەوە کرد کە بە هۆی توندوتییژییەوە لە کاتی دەسبەسەرکرانی نازیلادا، دەستەکانی شین هەڵگەڕاون و نینۆکەکانی لاقی شکاون و لە ڕێگە ڕۆیشتندا تووشی کێشە بووە و لە زاری ئەم ڕۆژنامەوانەوە وتی کە هێزە ئەمنییەتییەکان بەرزیان کردووەتەوە و بەتوندی بە عەرزیاندا داوە.

پاش ئەم دەسبەسەرکرانە، تەسنیم، هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە نازیلا بە حوکمی دادسەرای ئیرشاد(ئەمنییەتی ئەخلاقی) بە تۆمەتی "پەرەدان بە گرینگینەدان بە ڕێوشوێنی ئایینی"، دەسبەسەر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە حکوومەتییە، پۆششی نازیلا لە شوێنی گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژ، نازیلا مەعرووفیان لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ئازادیی کاتی، بە هۆی "بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ حیجابی خۆی و بەرزکردنەوەی دەستی بە مانای سەرکەوتن" و "بێرێزی و جنێودان" و "لێدان"، دیسان دەسبەسەر کرایەوە و لەژێر گوشارەکانی دادستانی تاراندا، ڕوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە و لەپتاب، مۆبایلی ناوبراو و ئامێرێکی هەڵگرتنی دەنگیان لەگەڵ خۆیان برد و پێیان ڕاگەیاند کە دەبێ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە دادسەرای ئێڤیندا ئامادە بێت. ناوبراو بۆ دووهەمین جار پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئێڤین، دەسبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرا. نازیلا لە زیندانی ئێڤیندا، بە هۆی "گوشاری دەروونی و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ"، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران ڕاگوێزرا و دواتر گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین. نازیلا مەعرووفیان بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی حکوومەت، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندی لەگەڵیان بێبەری کراوە و داواکاریی دانانی بارمتەکەشی لە دادسەرای ئێڤین، ڕەت کراوەتەوە. ناوبراو ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین، ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم ڕۆژنامەوانە، هەڵسوکەوتی هێزەکانی یگانی تایبەت و جنێودانی ڕەگەزیی ئەوانی بەرانبەر بە خۆی کە بە بێ سەرپۆش لە تئاتری شاردا بەشدار بوو، بە فەرمی بۆ خەڵک گێڕایەوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە یەکەم جار ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە هۆی وتووێژ لەگەڵ باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا و لە ڕێبەندانی ١٤٠١ دا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشاری، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرابوو و حوکمی ٢ ساڵ زیندانەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ چووە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.