سنە؛ ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی سامان پاشایی درێژ کرایەوە

10:41 - 11 خەرمانان 2723

ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتیی فەرەنگی و خەڵکی سەقز کە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە، بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەمە بۆ سێهەمین جارە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی درێژ دەکرێتەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لە سامان پاشایی کردووە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەر دەکرێ و ئیزنی هیچ چەشنە کارێک، تەنانەت ڕنگکردنیشی پێ نادەن و هەروا بە بێ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی، ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکەنەوە.

سامان پاشایی لە ژووری تاکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاری توندی دەروونیدایە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.