سەقز؛ عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری بە زیندان مەحکووم کرا

21:38 - 3 خەرمانان 2723

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە سی و یەک مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی"، بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

دادگا بە سەرنجدان بە هۆکارەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لە ماددەی ٣٨ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، بە سەرنجدان بە ماددەی ناوبراو و ماددەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزاکانی زیندانی تەعزیری پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩ و بەپێی ماددەی ٣٧ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، سزای زیاترین ڕێژەی زیندانی بۆ ماوەی ١٦ مانگ، وەکوو زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو کەم کردووەتەوە.

حوکمی دەرکراو دژی ئەم چالاکە کرێکارییە بە بوونی خۆی بووە و بۆ ماوەی ٢٠ڕۆژ لە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنیەوە، دەکرێ داوای دەنگی کۆتایی لە دیوانی باڵای وڵاتدا بۆ بکرێ.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقز و "کەیوان جەهانی"، ڕاوێژکاری دادگای ئینقلای سەقز، بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی، تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەفتە مانەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.