بانگهێشتی باوکی زانیار ئەبووبەکری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد

21:30 - 3 خەرمانان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانان، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خۆی ببوێرێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عەبدوڵلا ئەبووبەکری، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، ئازاد کراوە.

ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، زانیار ئەبووبەکری، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی پاش بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل مەولوودی لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا. پزیشکی دادوەری هۆکاری گیانلەدەستدانی زانیاری ئەبووبەکری، بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی ڕاگەیاندووە.