سەیوان ئیبراهیمی، ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین، بە زیندان، دوورخرانەوە و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

10:04 - 2 خەرمانان 2723

سەیوان ئیبراهیمی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا.

سەیوان ئیبراهیمی لەلایەن دادگاوە بە "تێکدانی نەزمی گشتی" تۆمەتبار کراوە و ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنە بەڕێوە چووە.

دۆسییەیەکی دیکە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بۆ سەیوان ئیبراهیمی کراوەتەوە و ڕۆژی ٦ی خەرمانان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بەم تۆمەتە بەڕێوە دەچێ.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سەیوان ئیبراهیمی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندان ئازاد کرا.

سەیوان ئیبراهیمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١یش، سەیوان ئیبراهیمی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرەکەی، زارا محەممەدی، لە داداگی ئینقلابی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ بە کەفاڵەت ئازاد کرا.