فاتمە شێخی بە هۆی "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بانگهێشتی دادگوستەریی ئاودانان کرا

09:55 - 2 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، یەکی خەرمانان، فاتمە شێخی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، بانگهێشتی لقی ٢ی دادیاریی دادگوستەریی ئەم شارە کرا.

ئەم لاوە کوردە بە تۆمەتەکانی "پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بانگهێشتی لقی ٢ی دادیاریی دادگوستەی ئاودانان کراوە و پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتەکانی بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، هێزە لیباس شەخسییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کربووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و ڕایانگەیاندبوو کە حوکمی دەسبەسەرکردنیان پێیە و لە ئەگەری خۆ ڕادەستنەکردن بە دادگا، دەسبەسەری دەکەن.