سەقز؛ هیوا عەزیزپوور بە ٣٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

14:48 - 12 گەلاوێژ 2723

هیوا عەزیزپوور، وەرزشوانی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"، بە ٣٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژ بەم هاووڵاتییە ڕاگەیندراوە و بەپێی ئەم حوکمە، ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات"، بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

بەپێی بەندی (ث)، لە ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، سەبارەت بەم وەرزشوانە، بەرزترین سزا جێبەجێ دەکرێ و ئەگەر بەرزترین سزا بە یەکێک لە هۆکارە یاساییەکان کەم بکرێتەوە یان گۆڕانی بە سەردا بێت یان ئیتر جێبەجێ نەکرێت، بە ڕیز، بەرزترین سزای دوای ئەوە جێبەجێ دەکرێ.

حوکمی دەرکراو دژی هیوا عەزیزپوور، بە بەشداریی خۆی بووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا لە کاتی ڕاگەیاندنەکەیەوە لە ناوەندەکانی پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا، دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ. 

هیوا عەزیزپوور، ڕاهێنەری وەرزشی نینجا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.