ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

16:24 - 1 خەرمانان 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سیامەک هەیاسی" و "ئالان داغدار"، خەڵکی گوندی "حاجیاوا"ی بۆکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان، هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە و لە گرتنگەی ئەمنییەتیی ورمێدان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو هاووڵاتییە تاکو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان ىێبەری کراون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی بۆکان و ورمێ، لەمەڕ دۆخ و چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر و دواتریش دستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی کەسیی سیامەک، لەوانە لەپتاب، مۆبایل و فلەش مێمۆرییان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوە، ئالان داغدار بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: سیامەک هەیاسی